پارتی بۆ یه‌كێتی: دەتانەوێ درۆبکەن تا دەیکەن بە باوەڕی خەڵک

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگه‌یاند، “١٦ی ئۆكتۆبه‌ر سه‌ره‌ڕای كاڵفامی، ده‌ره‌نجامی زنجیره‌یه‌ك پێشبینی هه‌ڵه‌ و بڕیاری نه‌خه‌مڵیوی سیاسی و ستراتیژی بوو، له‌پێناو ده‌ستكه‌وتی كه‌سی و درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه‌ چه‌وته‌كه‌ بوو، كه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ خیانه‌ت و خۆفرۆشی ده‌دات له‌پێناو مه‌رام و ده‌ستكەو‌تی كه‌سی”.

مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “ئەو خیانەتە بەرھەمی ڕەنجی دەیان ساڵە و خواست و بڕیاری گەلی کوردستانی بەبادا و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێكی له‌بیرنه‌كراوه‌ و زامێكی قووڵی جه‌سته‌ی كوردستانه‌ و سه‌رشۆڕی بۆ چه‌واشه‌كاران و ئه‌وانه‌ش، كه‌ هه‌موو مێژوویان پڕه‌ له‌ كۆڵوانه‌سووری به‌رله‌شكر و ته‌سلیمبوون و چۆكدادان”.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌وه‌شی وتووه‌، “مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بكات لە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەھیدان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی بەرامبەر ئەو خیانەتە گەورەیەی کە تاقمێکی ناکامڵی حزبەکەی لە کوردستانیان و خەباتی دەیان ساڵەی گەلەکەمانیان کرد، ھەرزەگۆیانە کەوتووەتە چەواشه‌کاری و تۆمەتبەخشینەوە بۆ پارتیمان و دەستبردن بۆ شێواندنی مێژووی ڕووداوێکی لەیادنەکراو”.

ئەوەشی خستووه‌ته‌ڕوو، “لە وەڵامی ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانەدا دەڵێین، چه‌واشه‌كاری و درۆ په‌تیان كورته و‌ شێواندنی مێژوو و خاكفرۆشی و كۆڵوانه‌سووری به‌رله‌شكر كاری له‌مێژینەی‌ هه‌ندێكیانه‌ و ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر ته‌سلیمكردنی كه‌ركوك به‌شێك بێت له‌ ڕێبازی پیرۆز، ئەی ده‌بێ ڕێبازی ناپیرۆزتان چیبێت؟”.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، “١٦ی ئۆكتۆبه‌ر مێژوویەکی كۆن و نوسراو نییه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و ڕووداوه‌ خیانه‌تكارییه‌ ته‌نیا سێ ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، كاڵفامی له‌وه‌دایه‌، کە وابزانن خه‌ڵك زاكیره‌ی ئه‌وه‌نده‌ لاوازه‌ و له‌ بیریان چووەته‌وه‌، یا (گوبڵز) ئاسا درۆبكه‌ن و درۆبكه‌ن تا ده‌یكه‌ن به‌ باوه‌ڕی خه‌ڵك”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “كه‌ جێگری سكرتێری گشتی و به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی ئه‌وسای یه‌كێتی و چاوپێكه‌وتنه‌ ته‌له‌فزیۆنی و ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی ٧٠ له‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌ و زۆر شه‌فاف و بێشاردنه‌وه‌ په‌رده‌یان له‌سه‌ر خیانه‌ته‌كه‌ هه‌ڵماڵی و حاشاهه‌ڵنه‌گریی نیشتیمان فرۆشییان سه‌لماند”.

ھەواڵی زیاتر