پارتی ده‌نگۆی چۆڵكردنی باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك ره‌تده‌كاته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

چه‌ند ڕۆژێكه‌ ده‌نگۆی چۆڵكردنی باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك گه‌رمیان و باره‌گاكانی تری پارتی له‌ كه‌ركوك بڵاوبووته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، عه‌دنان كه‌ركوكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی كه‌ركوك گه‌رمیانی پارتی هه‌واڵه‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ و به‌ باڵكێشی وت: “تائێستا هیچ بڕیارێكمان پێنه‌گه‌یشتووه‌ و ئێمه‌ش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بینیومانه‌ و گوێبیستی بووین.

وتیشی: “به‌ڵام دانوستان هه‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ ده‌نگۆی چۆڵكردنی باره‌گاكانیشمان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق به‌چاودێریی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال.”

ئاشكراشی كرد، “كه‌ ساڵی 2018 له‌كاتی دانوستانه‌كانیان له‌ به‌غدا، پرۆژه‌یه‌كی 4 خاڵییان داوه‌ته‌ به‌غدا و “خالید شوانی”ش نوێنه‌ری یه‌كێتی بووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ و پرۆژه‌كه‌ی بردووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و له‌وێ په‌سه‌ندیان كردووه‌ و بووه‌ته‌ پرۆژه‌ و ڕوئیا و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كورد بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دواتر دانوستانه‌كان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ وه‌ستێنران.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراقیش گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن و بڕیاربووه‌ ڕۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو باره‌گاكانیان چۆڵبكرێت، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن به‌مه‌به‌ست ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان تێكداوه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ جێبه‌جێبكرێت.”

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستاو ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتووی عێراقه‌وه‌، وتی: “نازانین تا ئه‌وكاته‌ چی ڕووده‌دات، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان باشه‌ دانوستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بكرێت و هاوشێوه‌ی شنگال “پێش هه‌ڵبژاردن”، ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بكرێت.

ھەواڵی زیاتر