سه‌ركۆنسوڵی ئێران له‌ سلێمانی سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یاوه‌ریی سه‌ركۆنسولی ئێران له‌ سلێمانی، سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان كرد.

دوێنێ دووشه‌ممه‌، 12ی ئۆكتۆبه‌ر، چه‌تۆ ساڵح، بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌یاوه‌ریی سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان كرد.

هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، وته‌بێژی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “دوێنێ دووشه‌ممه‌، 12ی ئۆكتۆبه‌ر، بریكاری وه‌زیری ناوخۆ و سه‌ركۆنسوڵی ئێران له‌ سلێمانی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، دوای سه‌ردانیان بۆ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفتی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئیداره‌ی گه‌رمیانیشیان كرد.”‌

وتیشی: “له‌ دیوی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری تانكه‌ری بارهه‌ڵگر باری به‌نزین و جۆره‌كانی تری سوته‌مه‌نیان پێیه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانیدان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی داوای كردووه‌ بێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، چونكه‌ له‌ باشماخ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ركراوه.‌”

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ و داواكاری شۆفێره‌ ئێرانییه‌كان وتی: “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌هدی شوشته‌ری، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی، كێشه‌ و گرفته‌كانی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و داواكاری شۆفێره ئێرانییه‌كانی خستووه‌ته‌ڕوو، دواتر سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان وتوویه‌تی، له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كان كێشه‌ و گرفته‌كانی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.”

باسی له‌وه‌شكرد، “وه‌فده‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان سه‌ردانی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخانیان كردووه‌و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گومركی گه‌رمیان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ورده‌كاریی كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی خراوه‌ته‌ڕوو، دواتر بڕیاردراوه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و میكانیزمه‌ی له‌مه‌رزی باشماخ گیراوه‌ته‌به‌ر، له‌ مه‌رزی په‌روێزخانیش ئه‌و تانكه‌رانه‌ی سوته‌مه‌نی كه‌ له‌ دیوی ئێران ئاماده‌ن، سوته‌مه‌نییه‌كانیان هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ له‌ ئاینده‌دا میكانیزمی نوێ بۆ هاورده‌كردنی سوته‌مه‌نی له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر.”

ھەواڵی زیاتر