هێزێكی گه‌وره‌ی حه‌شدی شه‌عبی گه‌یشتنه‌ خوورماتوو‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

هێزێكی گه‌وره‌ی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ جۆره‌ها چه‌كی قورس و مامناوه‌نده‌وه‌، له‌ نه‌جه‌فه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ قه‌زای خورماتوو

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، 11ی ئۆكتۆبه‌ر، هێزێكی (كه‌تائیبی ئیمامی عه‌لی)، سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی، به‌ 60 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و زرێپۆش و موده‌ڕه‌عه‌ و هه‌مه‌ر و باجه‌ر و جۆره‌ها چه‌كی قورس و مامناوه‌نده‌وه‌، له‌ شاری نه‌جه‌فه‌وه‌ هاتوون بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سدیق له‌لای گوندی (حلێوه‌)ی خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

محه‌مه‌د فایه‌ق، وته‌بێژی پێشووی قایمقامیه‌تی خورماتوو به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند: “كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، هێزێكی گه‌وره‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ناویان (كه‌تائیبی ئیمامی عه‌لی)یه‌، به‌جۆره‌ها ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و چه‌كی قورس و مامناوه‌نده‌وه‌، له‌ شاری نه‌جه‌فه‌وه‌ هاتوون بۆ فرۆكه‌خانه‌ی سدیق له‌ گوندی (حلێوه‌)ی قه‌زای خورماتوو جێگیربوونه‌ و ئامانجی هێزه‌كه‌، ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانه‌ له‌ ڕۆژئاوای شاری خورماتوو، له‌ گوندی زه‌رگه‌ و گونده‌كانی تری ناوچه‌كه‌.

وتیشی: “هه‌ر دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، كاتژمێر 4ی ئێواره‌ هێزێكی فه‌ره‌نسی و هێزێكی كۆماندۆی هێزه‌كانی 70 له‌ گونده‌كانی (په‌ڵكانه‌ی ساده‌، په‌ڵكانه‌ی سالم و شۆراو) له‌ سنوری ناحیه‌ی (زنانه‌)ی سه‌ربه‌ قه‌زای خورماتوو، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌ و 4 حه‌شارگه‌ی ته‌قه‌مه‌نی داعشیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ جۆره‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی تێدا نه‌بووه و چه‌كدارێكی داعشیش له‌ دووره‌وه‌ چاودێری كردوون، ته‌قه‌یان لێكردووه‌ و هه‌ڵاتووه‌.‌

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن لیوای 52ی حه‌شدی شه‌عبی و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌ سنوری قه‌زای خورماتووی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئه‌نجامدراون، له‌ یه‌كێك له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌دا به‌رپرسی یه‌كه‌می چه‌كدارانی داعش له‌ په‌ڵكانه‌ كوژرا، هه‌فته‌ی ڕابردووش جێگره‌وه‌ی به‌رپرسه‌ كوژراوه‌كه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی نهێنی و هاوبه‌شی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌ په‌ڵكانه‌ كوژرا.

ھەواڵی زیاتر