بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن مشتومڕی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن مشتومڕی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌سه‌ر بەستنەوەی ناوشاری موسڵ، كە 52%ی دانیشتوانی پارێزگاكە پێكدەهێنێت، بە بەعشیقە و تلكێف و شێوازی دابه‌شكارییه‌كه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، سه‌عید مه‌موزینی، وته‌بێژی لقی 14ی موسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ یاساكه‌ نه‌بووین، به‌ڵام زیانیش ناكه‌ین.”

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌‌ و ئاماده‌كارییه‌كانیان له‌و پارێزگایه‌، وتی: “ئێمه‌ حیزبی هه‌ڵبژاردن نین، به‌رده‌وام له‌ناو خه‌ڵكی خۆمانداین و له‌ئێستاشه‌وه‌ ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كاریی كردووه‌ و به‌ڕێگای سه‌رده‌میانه‌ و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی خه‌ڵكی خۆمان ده‌بینین.”

له‌باره‌ی پێشبینییه‌كانیان بۆ ڕێژه‌ی كورسییه‌كانیان له‌ پارێزگای موسڵ، وتی: “پارتی پێگه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و پارێزگای موسڵدا هه‌یه‌، بۆیه‌ كوردسییه‌كانیان ئه‌گه‌ر زیاد نه‌كات، كه‌م ناكات.”‌

تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و شێوازی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، ناڕەزایه‌تی زۆری دروستكردووە له‌ پارێزگای موسڵ، هەندێكیتریش له‌ خه‌می پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندان، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حكومەتی عێراق 40 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە تەرخان كردووە.

ڕه‌هێڵ جاف، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی لقی 22ی گه‌رمیانی پارتیش ده‌ڵێت: “تائێستا له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كان و چۆنیه‌تی دیاریكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ گفتوگۆداین و ڕێكنه‌كه‌وتووین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین پێشنیار و بیرۆكه‌ ئاماده‌كراون و تاووتوێ ده‌كرێن.”

شارەزایه‌كی بواری هەڵبژاردنیش لە نوسینێکدا باسی له‌وه‌كردووه‌‌: “كه‌ دابەشکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردنەکان بەسەر 83 بازنە، بۆ گەرەنتی سەرکەوتنی 83 کورسی ژنانە، لە کۆی 320 کورسی پەرلەمانی ئێستای عێراق و ده‌شڵێت، ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بریتی دەبن لە 56 بازنەی ھەڵبژاردن و بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشدەکرێن.

پارێزگای نەینەوا: 31 کورسی، 8 بازنه‌  

‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین: 12 كورسی 3 بازنه

پارێزگای دیاله‌: 14 كورسی، 4 بازنه‌

پارێزگای کەرکوك: 12 کورسی، 3 بازنە ‌

ھەواڵی زیاتر