له‌ گه‌رمیان ڕێگری لە کۆمپانیایەکی نەوتی توركی دەکرێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

دانیشتوانی سنوری ناوچه‌كه‌ ڕێگری لە کۆمپانیای نەوتی گوندی چیاسورخی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی قۆره‌توو ده‌كه‌ن و داوای دامەزراندن و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ دانیشتوانی سنورەکە ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، “کۆمپانیاکە پۆستەکانی کەمکردوەتەوە و دانیشتووانەکەی لە دەرفەتی کار بێبەشکردووە.”

ئامانج عه‌زیز، یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ كار له‌ نه‌وتی سنووره‌كه‌ماندا ده‌كات، هه‌لی كاری نه‌ڕه‌خساندووه‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پۆسته‌كانی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ مافی خۆمانی ده‌زانین له‌و كۆمپانیایه‌ دابمه‌زرێین و كاربكه‌ین.”

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌روه‌ت محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قۆره‌تووی سه‌ربه‌ قه‌زای خانه‌قین به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “داوامان له‌و هاوڵاتیانه‌ كردووه‌ سه‌ردانی دیوانی ناحیه‌كه‌مان بكه‌ن و یاداشتێكمان پێبده‌ن، به‌ڵام تائێستا سه‌ردانیان نه‌كردووین و هیچ یاداشتێكیشیان پێنه‌داوین.”

وتیشی: “بڕیاربوو ئه‌مڕۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ سه‌ردانمان بكه‌ن، تائێستا نه‌هاتوون، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ڕه‌خساندین ده‌رفه‌تی كار بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌ و هاوڵاتیانی تری ناوچه‌كه.”

له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كار له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ چوار مانگه‌ كاره‌كانی وه‌ستاندووه‌، ڕایگه‌یاند: “تائێستا كۆمپانیاكه‌ ده‌ستی به‌ كاركردن نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێیانڕاگه‌یاندووین كه‌ به‌م نزیكانه‌ كاره‌كانیان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.”

زیاتر له‌ چوار مانگه‌ كۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی توركی كه‌ پێشتر كاری له‌ نه‌وتی چیاسورخی سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تووی سه‌ربه‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌كرد، كاره‌كانی وه‌ستاندووه‌، به‌شێك له‌ چاودێرانی پرۆسه‌ی كاركردنی كۆمپانیاكه‌ش ده‌ڵێن، “كۆمپانیاكه‌ شكستیهێناوه‌ له‌ كاركردن و له‌ ماوه‌ی ڕابردووش كاره‌كانی زۆر به‌ سستی به‌ڕێوه‌چووه‌.”

ھەواڵی زیاتر