تورکیا: بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ شنگال ئامادەی هاوکارین

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگەیاند، پێشوازی له‌ رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی شنگالەوە دەکەین و بۆ گەڕانەوەی ئارامیش بۆ ناوچەکە ئامادەی هاوکارین.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ‌ “دوێنێ هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنێكی ئه‌منی و ئیدارییان له‌باره‌ی چاره‌نووسی شنگالەوە کرد، پێشوازی له‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ین”.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژەی بەوەشکرد “هیوادارین له‌م رێككه‌وتنه‌دا به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێو عێراق، كاربكه‌ن بۆ دامه‌زراندن و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات له‌ شنگال بۆ ریشه‌كێش كردنی پاشماوه‌كانی رێكخراوه‌كانی تیرۆریستی داعش و په‌كه‌كه‌. به‌تایبه‌تیش په‌كه‌كه‌ و درێژه‌پێده‌رانیان كه‌ سته‌م و گوشاری زۆریان ده‌رهه‌ق به‌ئێزیدییه‌كان و خه‌ڵكانی ناوچه‌كه‌ كردووه‌، تاوه‌كو خەڵکی شنگال لە ئاسایش و ئارامیدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان و به‌خۆشی بژین”.

لە راگەیەنراوەکەدا زیاتر هاتووە، ئاماده‌یی خۆمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردن و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق به‌تایبه‌تیش له‌ بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر له‌ شنگال و هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ش بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش بۆ عێراق”.

ھەواڵی زیاتر