3500 ماتۆڕسكیل له‌ هه‌ولێر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

داواكاری گشتی بە نوسراوی فەرمی ژماره‌ (242) داوا لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ھاتووچۆی ھەولێر ده‌كات دەست بەسەر ماتۆڕسكیلە بێ مۆڵەت و بێ تابلۆكاندا بگرن.

له‌ نوسراوێكی فه‌رمیدا كه‌ ئاراسته‌ی هاتووچۆی هه‌ولێر كراوه‌‌، داواكاری گشتی داوا ده‌كات ڕێكاری یاسایی بگیرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر ئەو كەسانەی كە ماتۆڕسكیل بەبێ مۆڵەت و ساڵانه‌ و بێ تابلۆ لێدەخوڕن، ده‌سبه‌جێ دەستیان بەسەردا بگرن و بكرێنە موڵكی گشتی.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئاگاداری چێشتخانەكان بكرێتەوە كە خواردن بە دیلیڤەری دابەش دەكەن، نابێ ئەو ماتۆڕسكیلەی كاریان بۆ دەكات ساڵانه‌ و تابلۆیان نەبێت، یان شوفێرەكەی بێ مۆڵەتی لێخوڕین بێت.

فازڵ حاجی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “داواكاری گشتی دواكه‌وت له‌ پشتیوانی كردنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌، چونكه‌ ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌مان ده‌ستپێكردووه‌ و تائێستاش له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانمان ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر 3 هه‌زار و 500 ماتۆڕسكیلدا و دواتر تێكیاده‌شكێنین و ڕاده‌ستی كارگه‌ی ئاسنیان ده‌كه‌ین.”

وتیشی: “له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ڕابردوودا 527 ڕووداوی هاتوچۆ له‌ پارێزگای هه‌لێر ڕوویانداوه‌، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 67 ڕووداویان به‌هۆی ماتۆڕسكیله‌وه‌ بووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت و ته‌واوی ئه‌و ماتۆڕسكیله‌ بێ تابلۆ و بێ ساڵانه‌دا ده‌گیرێت، له‌پێناو پاراستنی ئارامی شار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ.

ھەواڵی زیاتر