ئومێد خۆشناو به‌ دیمه‌نێكی جیاوازه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تووشی نه‌خۆشی كۆرۆنا بووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ به‌شداری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ناكات.

له‌ كاتژمێر10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 5ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ده‌ستیپێكردووه‌ و تائێستا به‌رده‌وامه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش به‌هۆی كۆرۆناوه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌شداریی دانیشتنه‌كه‌ بكات، به‌ڵام له‌ په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وێنه‌یه‌كی به‌ دیمه‌نێكی جیاوازه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ جلی نا فه‌رمی له‌به‌ردایه‌ و تیایدا ئایپادێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و سه‌یری دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات.”

ئومێد خۆشناو نوسیویه‌تی: “دوای 7 ساڵ له‌ کاری په‌رله‌مانی له‌ هه‌ردوو خولی 4 و5، یه‌که‌مین جاره‌ به‌شدارنه‌بووم له‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵام دانیشتووم به‌ دیار جه‌لسه‌ی په‌رله‌مان و گفتوگۆی نێوان سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت و تیمی حکومه‌ت و په‌رله‌مانتاران.”

ده‌شڵێت: “به ‌دڵ و گیان لاتان بووم، هه‌موو لایه‌ک ساغ و سه‌لامه‌ت بن.”

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان توشی كۆرۆنا بوون، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شداریی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر