باڵكێش ورده‌كاریی كوشتنی خێزانه‌كه‌ی له‌یلان بڵاوده‌كاته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

شه‌وی پێنج شه‌ممه‌، خێزانێكی 3 كەسیی لە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەر لە ناحیەی لەیلانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری كەركوك كوژران و له‌ئێستادا تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ڕووداوه‌كه‌ و ژن و پیاوێكی تر ده‌ستگیركراون.

عه‌مید سه‌ڵاح، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی له‌یلان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “شه‌وی پێنج شه‌ممه‌، ئاگاداركراینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ خێزانێكی 3 كه‌سی له‌ كێڵگه‌یه‌كی په‌له‌وه‌ر به‌خێوكردن له‌ سنوری ناحیه‌ی له‌یلان كوژراون، ده‌ستبه‌جێ چووینه‌ شوێنه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌ ڕووداوه‌كه‌ و گه‌ڕانمان به‌دوای بكوژه‌كه‌دا ده‌ستپێكرد، پاش وه‌رگرتنی زانیاری له‌ هاوژینی یه‌كێك له‌ كوژراوه‌كان، دوای یه‌ك كاتژمێر تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ڕووداوه‌كه‌ و برایه‌كیمان ده‌ستگیركرد.”

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی له‌یلان ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ باڵكێش گێرایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌م خێزانه‌ ئاواره‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وان، له‌ناو كێڵگه‌یه‌كی په‌له‌وه‌ر به‌خێوكردن به‌ دووریی 3 كیلۆمه‌تر له‌ گوندی شۆریجه‌ی شێخ عه‌بدولڕه‌حمانی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی له‌یلان كارده‌كه‌ن، شه‌وی پێنج شه‌ممه‌، بكوژه‌كه‌ كه‌ ‌ناوی “سالم”ه‌ و كوڕی خوشكی پیاوی خێزانه‌ كوژراوه‌كه‌یه‌، ڕوخساری داپۆشیوه‌ و چووه‌ته‌ سه‌ر ماڵی خاڵی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زانیویه‌تی بڕه‌ پاره‌یه‌كیان هه‌یه‌ و ویستوویه‌تی بیبات، به‌ڵام به‌شه‌ڕهاتوون و خاڵی و هاوژینه‌كه‌ی و برازایه‌كی پیاوه‌كه‌ی كوشتووه‌ و منداڵێكیشی برینداركردووهن.”

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی له‌یلان زیاتر وتی: “سه‌ره‌تا بكوژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌زایه‌كی به‌ناوی “محسن غانم خه‌ڵه‌ف” به‌شه‌ڕهاتووه‌ و ته‌قه‌ی لێكردووه‌ و سێ گوله‌ی به‌ركه‌وتووه‌، كوژراوه‌كه‌ش سه‌ره‌تا برینداربووه‌ و چه‌قۆیه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی برینه‌كه‌یه‌وه‌ توانای نه‌ماوه ‌و چه‌قۆكه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست بكوژه‌كه‌ و چه‌قۆیه‌كی كردووه‌ به‌ سكیدا و كوشتوویه‌تی، له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگی هه‌ردووكیاندا خاڵی بكوژه‌كه‌ و هاوژینه‌كه‌ی به‌خه‌به‌ر هاتوون و خاڵیشی چه‌كی پێ بووه‌ و ویستوویه‌تی ته‌قه‌ی لێبكات، به‌ڵام بكوژه‌كه‌ زووتر هاتووه‌ته‌ ده‌ست و ته‌قه‌ی له‌ خاڵی و هاوژینه‌كه‌ی كردووه‌ و هه‌ردووكیانی كوشتووه‌، منداڵێكیشیان گوله‌ی به‌ركه‌وتووه‌ و برینداربووه‌، دواتر بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌ “سالم” چه‌كه‌كه‌ی خاڵیشی بردووه‌ و هه‌وڵێكی زۆریشی داوه‌ هاردی كامێرای كێڵگه‌كه‌ ده‌ر‌بكات، بۆیه‌ كامێرای كێڵگه‌كه‌ خوێنی پێوه‌یه‌ و پاشان به‌ره‌و كێڵگه‌یه‌كی تر له‌و سنوره‌ به‌ڕێكه‌وتووه‌ بۆ لای برایه‌كی كه‌ له‌و كێڵگه‌یه‌ په‌له‌وه‌ر به‌خێو ده‌كات‌، دواتر هاوژینی (محسین غانم خه‌ڵه‌ف)مان ده‌ستگیركرد و داوامان لێكرد ناسنامه‌ی بكوژه‌كه ئاشكرا بكات، به‌ڵام ده‌ترسا و ده‌یووت: “ده‌مكوژێت”، دوای ئه‌وه‌ی دواتر دڵنیامان كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ناتوانێت بیكوژێت، بكوژه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا كردین و دوای كاتژمێرێك توانیمان خۆی و برایه‌كی ده‌ستگیربكه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی براكه‌ی ڕاستی له‌گه‌ڵ پۆلیسدا نه‌كرد و زانیاری هه‌ڵه‌ی پێداین.”

ئاشكراشی كرد، كه‌ خێزانه‌كه‌ ئاواره‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وان و ‌له‌ ڕووداوەكەدا 3 كه‌س كوژران به‌ناوه‌كانی (محسین خه‌ڵه‌ف یاسین، محسین غانم خه‌ڵه‌ف، ئه‌میره محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) و منداڵێكیشیان به‌ناوی (حه‌سه‌ن موحسین خه‌ڵه‌ف) برینداربووه‌.

ھەواڵی زیاتر