فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بەدواداچوون بۆ قسە و هەڵوێستەکان کردووە لەبارەی ئەو مووشەکانەی هەولێریان کردە ئامانج و دەشڵێ” بەداخەوە سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێک کاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین و روونیدەکەینەوە، کە ئەو ناوچەیەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر کراوە، ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی “شەبەک” و هێزەکانی پێشمەرگە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کراوە، لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەکەوێت، کە مووشەکەکانی هەڵگرتووە و لە کوێوە هاتووە، هەروەک فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستە کردووە، دواتر شوێنی جوڵەکردنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو لایەنەی کە ئەو شوێنەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئاشکرادەکەن.
شەوی ڕابردوو لە سنووری دەشتی نەینەواوە چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کران و لە نزیک فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
دوای هێرشەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم لێبوردە نابێت بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و وەڵامی تووندی دەبێت.