نێچیرڤان بارزانی: سه‌ڵاح كوێخا نموونه‌یە‌كی جوانی بە‌رپرسیاریە‌تی پێشكە‌ش كرد

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ كۆچی دوایی سه‌ڵاح كوێخا، سه‌رپه‌رشتیاری پێشووی ئیداره‌ی گه‌رمیان بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: “سه‌ڵاح كوێخا نموونه‌یە‌كی جوانی بە‌رپرسیارێتی پێشكە‌ش كرد و كاديرێكى ماندوونه‌ناس، دڵسۆز و كارامه‌ى لێهاتوو بوو.”

له‌ به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: “ئه‌و ساڵانه‌ى كه‌ سه‌رپه‌رشتيارى ئيداره‌ى گه‌رميان بووه‌‌، له‌نزيكه‌وه‌ پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌ و ويستوويه‌تى ئه‌وپه‌ڕى خزمه‌ت به‌ گه‌رميان و گە‌رمیانییە‌كان بكات و كار و ئه‌ركه‌كانى به‌ خه‌مخۆرى به‌ڕێ ده‌كرد و زۆر مه‌به‌ستى بووه‌ زۆرترين ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزارىی بگاته‌ خه‌ڵكى قوربانيده‌رى گه‌رميان و كه‌سوكارى سە‌ربە‌رزی ئه‌نفالكراوان.”

سه‌ڵاح كوێخا، ماوه‌ی 9 ساڵ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بوو، ڕۆژی 30ی ئاب، به‌هۆی گه‌یشتنی به‌ ته‌مه‌نی خانه‌نشینی، خانه‌نشین كرا و دواتر دۆخی ته‌ندروستی تێكچوو، دوای ئه‌نجامدانی پشكنین، ده‌ركه‌وت تووشی كۆرۆنا بووه‌ و به‌په‌له‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ كرا له‌ سلێمانی و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌، 29ی ئه‌یلوول، گیانی له‌ده‌ستدا و نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌مه‌ڕاسیمێكدا له‌ گۆڕستانی به‌رلوت له‌ كه‌لار، به‌خاكسپێردرا.

ھەواڵی زیاتر