كاتی ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ په‌رله‌مان ئاشكرا كرا

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: “دوێنێ نوسراوی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌پێی مادده‌ی 66 بڕگه‌ی دووه‌م، داوای كردووه‌ كه‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت.”

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌، 28ی ئه‌یلوول، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند: “كه‌ نوسراوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ په‌رله‌مان، سه‌باره‌ت به‌ هاتنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی بۆ په‌رله‌مان.”

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “ئه‌و خاڵانه‌ی له نوسراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ بۆ په‌رله‌مان هاتووه‌، ئه‌وه‌ی تیایه‌ كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ ده‌بن بۆ خستنه‌ڕووی (هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌ موچه‌ و ده‌رماڵه‌كان، دۆخی دارایی و پرسی مووچه‌، دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، دوایین قۆناغی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا و بابه‌تی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر دۆخی ئابووری و ته‌ندروستی و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.”

ئاشكراشی كرد: “كه‌ یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌ی داهاتوو به‌جۆرێك كه‌ بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت گونجاو بێت، ده‌ستنیشان ده‌كرێت و تیایدا سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری دارایی ئاماده‌ ده‌بن، له‌گه‌ڵ هه‌ر وه‌زیرێكی تر كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌پێویستی بزانێت، له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێت بۆ په‌رله‌مان.”

ھەواڵی زیاتر