ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی كه‌سێك و ده‌یكوژن

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ گه‌ره‌كی فه‌رمانبه‌رانی شاری هه‌ولێر هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی كه‌سێك و ده‌ستڕێژێكی زۆری گوله‌ی لێده‌كه‌ن و ده‌یكوژن و دوو كه‌سی تریش بریندار ده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن.

محه‌مه‌د سه‌باح، ئامۆزای كوژراوه‌كه‌ به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: “دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه‌، 26ی ئه‌یلوول، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ئامۆزایه‌كم به‌ناوی (بارزان حسێن) و ده‌ستڕێژێكی زۆری گوله‌یان لێكردووه‌ و كوشتوویانه‌ و دوو كه‌سی تریشیان بریندار كردووه‌ و دواتر هه‌ڵاتوون.”

وتیشی: “پێشتر یه‌كێك له‌ بكوژه‌كان‌ چووه‌ته‌ ماڵی ئامۆزا‌كه‌م و له‌ناو حه‌وشه‌یان ته‌قه‌ی له‌ كۆتر كردووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵێ له‌نێوان ئامۆزاكه‌م و بكوژه‌كه‌دا دروست بووه‌، دواتر بكوژه‌كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ چه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ئامۆزاكه‌م و كوشتوویانه‌ و دوو كه‌سی تریشیان بریندار كردووه‌.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: “كه‌ بكوژه‌كان زۆربوون و زیاتر له‌ 100 گوله‌یان ناوه‌ به‌ ماڵی ئامۆزاكه‌مه‌وه ‌و گوله‌یه‌كی زۆریش به‌ر ئامۆزاكه‌م كه‌وتووه‌ و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه و دواتر هه‌ڵاتوون و تائێستا ده‌ستگیرنه‌كراون.”

ڕوونیشیكرده‌وه‌: “كه‌ له‌ئێستادا ته‌رمه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌‌ بۆ پزیشكی دادوه‌ری هه‌ولێر و برینداره‌كانیش گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و هێزه‌كانی پۆلیسیش گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنێ ڕووداوه‌كه ‌و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌ی هۆكار و چۆنیه‌تی ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌.”

ھەواڵی زیاتر