سه‌رۆك بارزانی له‌ ساڵیادی ڕیفراندمدا “ئێمه‌ ناچه‌مین”

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

له‌ ساڵیادی ڕیفراندۆمدا، سه‌رۆك بارزانی، له‌ تویتێكدا له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر ده‌ڵێت: “ئێمه‌ ناچه‌مین”

ئەمڕۆ هه‌ینی، 25ی ئەیلوول، 3 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كورستان، به‌ دانیشتووانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه،‌ له‌ ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2017، تیایدا به‌شداربوون.

دواتر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، كه‌ 92.7ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به‌ (به‌ڵێ) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دابوو.

دوابه‌دوای ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌‌ وڵاتانی دراوسێ هەڕەشەکانیان زیاتر کرد و كۆماری ئیسلامی ئێران دەروازە سنورییەکانی به‌ ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا داخست، له‌ ڕۆژی 16 ئۆكتۆبه‌ریشدا سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی به‌ پاڵپشتی هێزه‌كانی ئێران په‌لاماری كه‌ركوك و به‌شێكی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیان دا و داگیریان كرد، دواتر ده‌ستیان كرد به‌ تاڵانكردن و سوتاندنی دوكان و خانووی هاوڵاتیانی كورد له‌و ناوچانه،‌ به‌تایبه‌ت له‌ قه‌زای خورماتووی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

سه‌رۆك بارزانی، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی باڵای ڕیفراندۆمیشی ده‌كرد، ته‌واوی ئه‌و شاندانه‌ی كه‌ ده‌هاتنه‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كۆده‌بوونه‌وه‌ و دوایین هه‌ڵوێست و بڕیاری سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌و وه‌رده‌گرت.

ھەواڵی زیاتر