نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، وتارێکی پێشکەش بە لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق کرد.
لە دانیشتنێکی فەرمی لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپاو عێراق و بە ئامادە بوونی بەرێوەبەری بەشی کەنداو و عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و نووسینگەی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپادا، د. دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی وتارێکی لە سەر دوایین پێشهاتو گۆرانکاریە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەرێوە چوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بابەتێکی بۆ بەشداربووان خستە روو کە گرنگترینیان تایبەت بوو بە تیشک خستنەسەر پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپاو رەوتی دانوساندنەکانی نێوان هەردوو لا و مەترسی سیاسەتی بە عەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و پرسی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش. جیالەمەش و لە تەوەرێکیدیکەدا پرۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تر خرانە بەر باسەوە.
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند کە ئەم بابەتە تەنیا خۆی لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمدا نابینێتەوە و حکومەتی هەرێم بروای وایە سەرجەم کێشەکان دەبێت لە رێگەی گفتوگۆو بە پێی دەستوری عێراق چارەسەر بکرێن و حکومەت و گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشی راستەقینە مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و پەیوەست بەمە ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بە ناردنی شاند بۆ بەغدا و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەرەتی و رێکەوتن هاوکاری هەردوولا بکات و توانا دیپلۆماسیەکانی بخاتە گەڕ.
لە تەوەرێکی تردا د. دلاوەر خالد ئاژگەیی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی کەرکوکی خستەبەرباس و گفتوگۆوەو ئاماژەی بە میکانیزمی بە سیستەم کراوو سیاسەتی پرلە مەترسی بە عەرەب کردنی ئەو ناوچانەی کرد و رایگەیاند کە حکومەتی هەرێم زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەم ناوچانە دەکات و گۆرینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە قەبوول ناکات و ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دواجار سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان دەخاتە مەترسیەوە و حکومەتی فدراڵی لێ ئاگادار کردۆتەوە و بریارە تایبەت بەم پرسە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم کرد و رایگەیاند کە گەرانەوەی هێزکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی لە گەڵ سوپای عێراق لەو ناوچانە دەتوانێت بواری ئاسایش لەو ناوچانە باشتر بکات و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە گەڵ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی تیرۆردایە لە هەرێمی کوردستان تاکو شەری دژی داعەش بە یەکجاری کۆتایی دێت.
هەر چی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقەوە بوو ئاژگەیی رایگەیاند هەرێمی کوردستان پشتگیری لەو هەڵبژاردنانە دەکات، بەڵام گرنگە پێش هەڵبژاردنەکان هەموو لایەنەکان لە سەر سیستەم و یاسای نوێی هەڵبژاردن رێککەون و گرنگە یاسای نوێ یەکسانی رەچاوبکات و دەنگ و مافی خەلکی کوردستان نەخرێتە بەر پێشیل کردنەوە. بە هەمانشێوە گرنگە بارودۆخی کەرکوک و ناوچەکانی تر ئاسایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاکو بێ گەرد و دیموکراتی بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بەرێوە بچێت.
لەکۆتایی دانیشتنەکە د. دلاوەرخالد ئاژگەیی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە سەبارە بە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری پێشهاتە چاوەروانکراوەکانەوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی پەرلەمانی ئەوروپاو عێراق، دەستخۆشی و سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەش کردنی وتارەکە و ڕاگوورینەوەو ئەو بەرچاو روونیانەی لە میانی ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا خرانە روو.