ئه‌مریكا پشتگیری خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

سه‌رله‌به‌ياني ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه،‌ 22ی ئه‌یلوول، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جه‌يمس جيفرى، نوێنه‌رى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ سووريا و نێرده‌ى تايبه‌تى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش كۆبوونه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌‌كه‌دا که‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، ڕه‌وشی ئێستای سووريا، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ عێراق و سوریا و دۆخى كورد و گفتوگۆى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ سووريا بۆ چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌كانيان و يه‌كڕيزيى نێوانيان تاوتوێ كرا.

جه‌یمس جيفرى، به‌رده‌وامی پشتگیری ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرد‌ووه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاند‌ووه‌: “كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو هاوكارييه‌كى پێويست پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام ده‌ین له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر.”

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكردن بووه‌ ده‌رباره‌ی گفتوگۆى نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ سووريا و بۆ ئه‌و مه‌به‌ستهش جیفری‌ پشتگیری ئه‌مریكای بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان نيشان داوه‌ و ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵى ئه‌رێنی نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمی کوردستانیش كردووه‌ له‌پێناو لێكنزيككردنه‌وه‌يان و هاندانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان.

لاى خۆشيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشى كردووه‌ و به‌رده‌وام بوونیانی به‌ گرنگ زانیوه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و پشتیوانی كردنی هه‌رێمی كوردستان و هاوكاری كردنی پێشمه‌رگه‌

ھەواڵی زیاتر