له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چه‌ندین پارچه‌ چه‌كدا

كاروان كه‌لاری/باڵكێش

شه‌وی ڕابردوو، هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، گروپێكی بازرگانیی چه‌ك و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانیان له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرد.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، “دوای به‌دواچوونێكی ورد بۆ تۆمه‌تبارێكی داواكراو به‌ناوی (ا، م، ح)، شه‌وی ڕابردوو 15/16ی9ی2020، له‌ گوندی (ئۆزاڵ سیتی) له‌ شاری هه‌ولێر، توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕی 5 كیلۆ و نیو مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ جۆری كریستاڵ و 50 غرام حه‌شیش و 115 حه‌بی سۆمه‌درین دا بگرن.”

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، “هه‌ر هه‌مان شه‌و توانیویانه‌ له‌ نزیك گوندی (پونگینه‌) له‌ پشتی بنه‌سڵاوه‌، تۆمه‌تبار (ع، م، ع)  ده‌ستگیربكرێت، كه‌ له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباری سه‌ره‌وه‌ گروپێك بوون و له‌كاتی ده‌ستگیركرنیشیاندا ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر (80 كڵاشینكۆفی جۆراوجۆر و 36 ده‌مانچه‌ و قه‌ناسێك و 11 تاپڕ و 29 دووربین) و هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه‌ش په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و دراونه‌ته‌ دادگا.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ده‌ستگیركردنی گروپێكی تری بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ریان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ چه‌ندین كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

ھەواڵی زیاتر