مەسرور بارزانی: کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم نییە لە بودجە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و بودجەی فیدراڵیی عێراق تاووتوێ دەکات

لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/16، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی شەهیدانی کوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە قەزای زاخۆ دەکەینەوە کە لە 16 ی ئەیلوولی 1969 ڕژێمی بەعس تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و چەندین کەس لە هاوڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەکە شەهید بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکوەزیران تیشکی خستوەتە سەر سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کە هیوادارین بە کردەیی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.

وتیشی “کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جيا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی”.

قوباد تاڵەبانی جێگری، سەرۆکوەزیران پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو. ڕاشیگەیاند کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن کە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو، کە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد وئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر