هاتوچۆی گه‌رمیان ده‌ستی به‌سه‌ر 100 ماتۆڕسكیلدا ‌گرت

كاروان كه‌لاری/باڵكێش

ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گه‌رمیان، هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه‌ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسكیله‌ بێ سه‌ره‌تاكانی سنوره‌كه‌ و تائێستا ده‌ستیان به‌سه‌ر 100 ماتۆڕسكیلی بێ سه‌ره‌تادا گرتووه‌.

مقه‌ده‌م عه‌بدولڕه‌حمان زه‌هاوی، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی هاتوچۆی گه‌رمیان به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “له‌به‌ر زۆریی سكاڵا و داوای به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاتیانی گه‌رمیان و له‌پێناو پاراستنی هێمنی شار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ، ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ هه‌ڵمه‌تێكمان بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسكیله‌ بێ سه‌ره‌تا و بێ تابلۆكاندا ده‌ستپێكردووه‌ و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌ین هاوكارمان بن.”

وتیشی، “زۆربه‌ی ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌ی سنوره‌كه‌،‌ هیچ سه‌ره‌تا و ساڵانه‌ و تابلۆیه‌كیان نییه‌ و لێخوڕه‌كانیشیان مۆڵه‌تی شۆفێرییان نییه‌، له‌ماوه‌كانی ڕابردووشدا چه‌ندین جار ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌ و ڕێنمایی و هاوكاریمان كردوون، به‌ڵام هه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به‌ ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆوه‌، بۆیه‌ له‌ئێستادا بوونه‌ته‌ مایه‌ی بێزاركردنی هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “تائێستا ده‌ستیان به‌سه‌ر 100 ماتۆڕسكیلی بێ سه‌ره‌تا و بێ تابلۆدا گرتووه‌ و دواتر لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و زانرا هه‌ركام له‌و كه‌سانه‌ بژێویی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌و ماتۆڕسكیله‌یه‌، دوای ته‌واوكردنی ڕێكاره‌ یاساییه‌كان، ماتۆڕسكیله‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ و ئه‌وانی تریش له‌ موزایه‌ده‌یه‌كی‌ ئاشكرا به‌ نرخی ئاسن ده‌فرۆشن.”

باسی له‌وه‌شكرد، “دروستكردنی تابلۆ و سه‌ره‌تا بۆ ئه‌و ماتۆڕسكیلانه‌، 1 ملیۆن دیناری پێویسته‌ و ده‌بێت شۆفێره‌كه‌شی پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بێت و نه‌بێته مایه‌ی بێزاركردنی هاوڵاتیان.”

ساڵانه‌ به‌شێك له‌ ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌هۆی تیژره‌وی و پابه‌ندنه‌بوونی ماتۆرسكیله‌كانه‌وه‌یه‌، له‌ئێستاشدا ژماره‌یه‌كی زۆر ماتۆڕسكیل له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا هه‌یه‌ و هه‌ڵمه‌تی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنیان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ھەواڵی زیاتر