عەلی حەمەساڵح: دوو کۆمپانیا ڕۆژانە 60ملیۆن لە خەڵک دەسێنن

پەرلەمانتارێکی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی 2 کۆمپانیا دەستبەکاربوونیان بۆ دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلای کەمەوە ڕۆژانە ٦٠ ملیۆن دینار لە ھاووڵاتییانی ئەم شارە دەسێنن.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی” پێشتر کە ئۆتۆمبیل پشکنینی ھەزەی دەکرد، لەگەڵیدا بەبێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادی بۆ دەکراو ھیچ گرفتێک نەبوو بۆ شۆفێرو بۆ حکومەتیش، ئیستا پشکنینی بەڕاد دراوە بە کۆمپانیایەک، دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەم پشکنینە ڕۆتینە بچێتە کەڵەوانان لەوێشەوە ٢٠ خولەک بە جادەی خۆڵدا بچێت و پشکنینێک بە ٢٥ ھەزار بکات لای کۆمپانیایەک”.

تا ئێستا حکومەت وەڵامی عەلی حەمەساڵحی نەداوەتەوە.

دەقی پۆستەکەی عەلی حەمەساڵح:

بەڕێزان: سەرۆکایەتی حکومەت

          وەزارەتی ناوخۆ

ئەم سەرانە وەرگرتنە بەناوی کۆمپانیا ڕابگرن

ئێوە بڕیارتاندابوو پێداچونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو کۆمپانیایانەدا بکەن، کە لە خاڵی سنوری و بازگەکان و شارەوانی و دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ …… ھتد؛ لە بری حکومەت پارە لە خەڵک وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی، کە بە ناڕەوا پارە وەردەگرن، لەبری ئەوەی کەمبکات؛ لەم کابینەدا زیاددەکات…

لە دوایەمین پێشھاتدا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی دوو کۆمپانیا دەستبەکاربونیان بۆ دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلای کەمەوە ڕۆژانە ٦٠ ملیۆن دینار لە ھاوڵاتیانی ئەم شارە وەردەگرن!

یەک: پشکنینی بەڕاد…

پێشتر کە ئۆتۆمبیل پشکنینی ھەزەی دەکرد، لەگەڵیدا بەبێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادی بۆ دەکراو ھیچ گرفتێک نەبوو بۆ شۆفێرو بۆ حکومەتیش، ئیستا پشکنینی بەڕاد دراوە بە کۆمپانیایەک، دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەم پشکنینە ڕۆتینە بچێتە کەڵەوانان لەوێشەوە ٢٠ خولەک بە جادەی خۆڵدا بچێت و پشکنینێک بە ٢٥ ھەزار بکات لای کۆمپانیایەک

!!

ڕۆژانە نزیکەی ھەزار ئۆتۆمبیل ئەم ڕێگا ببڕن و ھەریکە ٢٥ ھەزار بدەن، تەنیا لە پێناوی قازانجی کۆمپانیایەک و ھیچی تر…

دوو: عەریزە نوسین

پێشتر ٤٢ ھاوڵاتی ھەژار سەرقاڵی عەریزە نوسین بون! نانبڕاوکران، بەناوی سیستمی ئەلیکترۆنی، کە لە بنەڕەتدا تەنیا نووسینە بە کۆمپیوتەر!!!

کەسێک دانراوە لەبەر دەرگای فەرمانگەی پۆلیسی ھاتووچۆ، ھەر ھاوڵاتیەک بچێت، پێی دەڵێت: دەبێت بچیت بە کۆمپیوتەر عەریزەکانت بنووسیت.

پێشتر نوسینی عەریزەیەک ٢ ھەزار دینار بوو، ئێستا دوو دێڕ بنوسێت ٥ ھەزارت لێوەردەگرن، بۆ ئستنساخ پێویستی مامەڵە دەگاتە ٢٠ ھەزار دینار!!!

جگە لەو قەرەباڵخیە زۆرەی دروستکراوە..

ئەمەش تەنیا  دەرکردنی سەدان ملیۆن دیناربوو لە گیرفانی ھاوڵاتیانی ئەم شارە بۆ کۆمپانیایەک!!

ڕۆژانە نزیکەی١٣٥٠ کەس ڕودەکاتە  ئەم فەرمانگە..

پاش پرسیارکردن، وەڵام ئەوەبوو پێشتر لە ھەولێر  ھەمان کار کراوە!! واتە: نەقڵی کارێکی ناڕەوایەو قوربانی ھاوڵاتیە…

تێبین:

لە ڕێگای پەرلەمانەوە بە فەرمی کارمان لەم دۆسیانەدا کردوەو ناردومانە بۆ داواکاری گشتی…

ئامانج لە بڵاوکردنەوەی، ھاوڵدانە بۆ خێرایی کارکردن تێیدا…

عەلی حەمە ساڵح

ھەواڵی زیاتر