فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا‌ ڕه‌زوباخی چه‌ندین گوندی زاخۆیان سوتاند

به‌هۆی بۆردومانی چڕی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر گونده‌كانی ناحیه‌ی باتیفای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ، سه‌دان دۆنم ڕه‌زوباخی دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌ سوتاون، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌.

به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، (په‌كه‌كه‌)، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌ چڕی بۆردومانی گونده‌كانی سنوری ناحیه‌ی باتیفای سه‌ر به ‌قه‌زای زاخۆیان كردووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ سه‌دان دۆنم ڕه‌زوباخی هاوڵاتیان سوتاوه‌.

دڵشێر عه‌بدولستار، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی باتفا به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “به‌هۆی بۆردومانی چڕی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌، چه‌ندین دۆنم ڕه‌زوباخی دانیشتووانی گونده‌كانی (سوریا، كه‌شان، شیلان، شیدن، ڕیسێ) و چه‌ند گوندێكی تری سه‌ر به‌ سنوری ئیدارره‌ی ناحیه‌كه‌مان سوتاون و به‌هۆی زۆریی ئاگره‌كه‌شه‌وه‌ تیمه‌كان ناتوانن بچنه‌ شوێنی ئاگره‌كه‌ و كۆنترۆڵی بكه‌ن، بۆیه‌ تائێستا ئاگره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و دوكه‌ڵی ڕه‌ش ئاسمانی ناوچه‌كه‌ی داپۆشیوه‌.”

هاوكات، محه‌مه‌د موراد، به‌رپرسی لیژنه‌ ناوچه‌ی باتیفای پارتی به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت، “زیانی گه‌وره‌ به‌ر ڕه‌زوباخی دانیشتووانی زیاتر له‌ 27 گوندی باتیفا كه‌وتووه، به‌تایبه‌ت گونده‌كانی (كه‌شان و ئه‌فلهێ و بانكێ)، به‌وهۆیه‌شه‌‌وه‌ سه‌دان دۆنم دارستان و ڕه‌زوباخ و بێستان سوتاون و ده‌یان خێزانیش ئاواره‌بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشتووه‌.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “كه‌ تائێستا پێكدادان به‌رده‌وامه‌ و ئاگره‌كه‌ش تا دێ زیاتر ده‌بێت و دارستان و ڕه‌زوباخی زیاتر ده‌سوتێنێت، تیمه‌كانیش له‌ ترسی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و زۆریی ئاگره‌كه‌، ناتوانن بچنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ و ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.”

به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانی ‌نێوان سوپای توركیا و گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، (په‌كه‌كه‌)، زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆری گیانی و ماددی به‌ر دانیشتووانی ئه‌و گوندانه‌ كه‌وتووه‌.

ھەواڵی زیاتر