باڵكێش وێنه‌ و ناوی كاندیدانی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان ئاشكرا ده‌كات

بۆ پۆستى سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ى گه‌رمیان، یه‌كێتى ژماره‌یه‌ك كاندیدی هه‌ن‌، به‌ڵام ڕوون نیه‌ چانسی كامیان زیاتره‌ و تائێستاش هیچیان یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری ئیدره‌ی گه‌رمیان، سه‌ڵاح كوێخا، خانه‌نشین بوو، یه‌كێتى نیشتیمانى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌، (جه‌لال شێخ نوری)، قایمقامى شارۆچكه‌ی كفری، به‌وه‌كاله‌ت دانا.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕی میدیایی باڵكێش، ژماره‌یه‌ك كادیری یه‌كێتى نیشتیمانى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندیدن، له‌نێویشیاندا جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیان، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا و به‌رپرسی پێشووی مه‌ڵبه‌ندى خانه‌قین و ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئێستای یه‌كێتی له‌ به‌غدا، شێركۆ میروه‌یس و به‌رپرسی پێشووتری ئاسایشی گه‌رمیان، محه‌مه‌دى مالیه‌ و په‌رله‌مانتاری پێشووى عێراق، بورهان محه‌مه‌د فه‌ره‌ج، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى ناوى چه‌ند كادیرێكى دیكه‌ش ده‌هێنرێت كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ پاڵێوراون.

تۆڕی میدیایی باڵكێش، په‌یوه‌ندی به‌ محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا، جێگری مه‌ڵبه‌ندی 11ی گه‌رمیانه‌وه‌ كرد، كه یه‌كێكه‌ له‌و كاندیدانه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌، وتی، “به‌ڵێ داوای ئه‌و پۆسته‌م كردووه‌، به‌ڵام تائێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌.”

وتیشی، “سه‌ره‌تا ناوه‌كان له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ مه‌كته‌بی ڕێكخستن و دواتر ده‌نێردرێت بۆ سه‌ركردایه‌تی و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدا كه‌سێك هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام تائیستا دیار نییه‌ كێ چانسی زیاتره و هیوای خواست چانسی ئه‌و زیاتر بێت.”

تۆڕی میدیایی باڵكێش زانیویه‌تی، كه‌ به‌رپرسی ئێستای مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانی یه‌كێتی، پۆڵا سیروان تاڵه‌بانی، داوای ئه‌و پۆسته‌ی كردووه‌ و تائێستا یه‌كێتی نیشتیمانی وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ نیگه‌رانه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌نێو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت، “تائێستا هیچكام له‌و كاندیدانه‌ یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و یه‌كێتیش بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌یان په‌له‌ى نیه‌، چونكه‌ ئێستا پۆسته‌كه‌ى به‌ وه‌كاله‌ت پڕكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت بۆ ده‌ستنیشانكردن و دانانی سه‌رپه‌رشتیارێكى نوێ، بڕیارێكى ده‌سته‌جه‌معی بدات، كه‌ تائێستا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدات.

ئیداره‌ی گه‌رمیان، نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌س تیایدا ده‌ژی و له‌ مانگی 8ی ساڵی 2006، به‌ بریاڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، ئیداره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ قه‌زاكانی كه‌لار، كفری، ده‌ربه‌ندیخان، چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قینی گرته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ خرانه‌ سه‌ر پارێزگای سلێمانی و دواتر له‌ ساڵی 2008، به‌ بریاری نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سیفه‌تی پارێزگا به‌ ئیداره‌كه‌ و سیفه‌تی پارێزگار به‌ سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌ی درا

ھەواڵی زیاتر