مسته‌فا كازمی به‌ره‌و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كانی به‌ڕێكه‌وت

كه‌مێك پێش ئێستا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، گه‌یشته‌ سلێمانی و له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی و قایمقامی سلێمانی و به‌رپرسی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی پارێزگاكه‌وه‌ پێشوازی لێكرا

دوای پشوودانیكی كورت له‌ به‌شی vip میوانخانه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، به‌ره‌و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كانی به‌ڕێكه‌وت.

مسته‌فا كازمی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، له‌گه‌ڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاكه‌ کۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و پاشان ده‌چێته‌ سه‌ر مه‌زاری‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆمار و سكرتێری‌ كۆچكردووی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و بۆ خوانی نیوه‌ڕۆش ده‌چێته‌ مێرگەپان، بۆ لای به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق.


بڕیاره‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ وەفدێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی و عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی و عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی و وەفدێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشدا کۆببێتەوە.


دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ شاری سلێمانی، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەش بکات و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی پارێزگاکە کۆده‌بێتەوە و دواتر سه‌ردانی‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ده‌كات، به‌لام تائێستا دیار نییه‌، مسته‌فا كازمی، كاتی مانه‌وه‌كه‌ی درێژ ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ردانی شوێنی تر ده‌كات یان نا.

دوێنی پێنج شه‌ممه‌، 10ی ئه‌یلوولی 2020، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كۆبووه‌وه‌، پاشان سه‌ردانی پارێزگای دهۆكی كرد و دوای دانانی تاجه‌ گوڵینه‌ له‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌نفالی بارزانییه‌كان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كه‌مپی قادیای ئاواره‌كانی شنگال، سه‌ردانی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیلی كرد، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و كه‌مێك پێش ئێستاش گه‌یشته‌ شاری سلێمانی.

ھەواڵی زیاتر