له ماوه‌كانی ڕابردوودا، هێنانى بارى قاچاخ لە خاڵە سنورییەکان و بەتایبەت ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتى پەروێزخان، بازاڕی گه‌رمیانی داگیركردبوو، بەتایبەت سەوزە و میوە، به‌ڵام بەهۆی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنیان له‌لایه‌ن وەزارەتى کشتوکاڵەوە، له‌ئێستادا دیارده‌كه ڕووی له كه‌مبوونه‌وه كردووه و به‌رهه‌می ناوخۆیی جێگه‌ی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی گرتووه‌ته‌وه.
شادیە حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی گه‌رمیان، به تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت، “پێشتر ڕۆژانه چه‌ندین ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر باری قاچاخ ده‌هاتنه عه‌لوه‌ی كه‌لار، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌روێزخان زۆر هاوكارمانه و به‌وهۆیه‌وه دیارده‌كه ڕووی له كه‌مبوونه‌وه كردووه.”
وتیشی، “پێشتر چه‌ند جارێك نوسراومان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌كه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئاسایشی گه‌رمیان و ئاسایشی په‌روێزخان كردووه، وه‌ك پێویست هاوكارمان نه‌بوون، باره قاچاخه‌كانیش به‌رپرسی گه‌وره‌ی له‌پشته‌وه بوو، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌وه‌ی عه‌لی تۆفیق، بەڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی په‌روێزخان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پۆسته‌كه‌ی، دیارده‌كه ڕووی له كه‌مبوونه‌وه كردووه و له‌ئێستادا ڕۆژانه لیژنه‌كانیشمان به چڕیی چاودێریی عه‌لوه‌ی كه‌لار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، زۆر به كه‌می ئه‌و به‌رهه‌مه قه‌ده‌غه‌كراوانه ده‌بینرێن.”
ئه‌م قسانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی گه‌رمیان له‌كاتێكدایه، پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووتری مەرزەکە و گومرك و ئاسایشی تاوانبار كردبوو، كه بەبێ هیچ پشکنینێک ئەو خۆراکانە هێنراونه‌ته ناوچەکە و کاریگەرى هه‌بووه لەسەر ئاسایشى خۆراک.”
له ماوه‌كانى ڕابردوودا، كشتوكاڵی گه‌رمیان، هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ داخستنى ئه‌و به‌شانه‌ی عه‌لوه‌ى كه‌لار ده‌ستپێكرد، كه باری قه‌ده‌غه‌كراو و قاچاخیان تێدایه، له‌و ماوه‌یه‌شدا سه‌رووى 35 به‌شی عه‌لوه‌كه‌یان داخست، به‌وه‌ش توانرا تا ڕاده‌یه‌ك ڕێگریی له هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكه‌ن.