مستەفا کازمی گەیشتە هەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر.

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێشوازی لە کازمی کرا.

شاندی حکومەتی فیدراڵی پێکهاتوون لە سەرۆک وەزیران، وەزیرانی دەرەوە ، بەرگری ، نەوت ، کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی .

بڕیارە مستەفا کازمی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی سلێمانی بکات.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات.

بڕیارە کازمی سەردانی سلێمانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی و حکومی لەو سنوورە کۆببێتەوە.

ھەواڵی زیاتر