زانیاریی نوێ له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ هه‌رێمی كورستان

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 10ی ئه‌یلوولی 2020، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌كاندا كۆببێته‌وه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگه‌وه‌ ده‌كرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی میدیایی باڵكێش، سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكه‌، یه‌كێك له‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ مسته‌فا كازمی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كورستاندا باسی بكات، پرسی دەروازە سنورییەکانە، بەوپێیەی کازمی لە دەروازە سنورییەکانی تری عێراق ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر، تەنها لەوانەی هەرێم نەبێت، بۆیە لەلایەن هێزە شیعیەکانەوە فشاری زۆری لەسەرە و دەیەوێت لەم سەردانەدا، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ڕێکبکەوێ و ئەو کێشەیه‌ چاره‌سه‌ربکات، تا لە عێراقەوە فشاری لەسەر نەمێنێ.

ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆی نێوان كازمی و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان، پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌بێت، كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ هه‌رێمی كورستانه‌وه‌ داوای ئه‌وه‌ كراوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا تایبه‌تمه‌ندی بدرێته‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌جۆرێك كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، 10ی ئه‌یلوولی 2020، مسته‌فا كازمی سه‌ردانی هه‌رێمی كورستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌كاندا كۆده‌بێته‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بانگه‌شه‌ی پێشوه‌ختیشی پێوه‌ دیاره‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی پێده‌چێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ میدیاكارانیشدا كۆببێته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر