وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی پزیشکان، باتە، موزەفەرییە، 20 مەتری، دەوروبەری قەڵا و پارکی شار لە 8ی ئەیلوولەوە قەدەغە دەکرێت و تەنیا رێگە بە وەستانی کاتی دەدرێت.
فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند “ئاگاداری سەرجەم دووکاندار و خاوەن کارەکان، پزیشک و دەرمانساز و خاوەن کارە پزیشکییەکانی شەقامی پزیشکان، شەقامی باتە، شەقامی موزەفەریە، شەقامی 20 مەتری، دەوری قەڵا و پارکی شار دەکەینەوە، کەوا لە رۆژی 2020/9/8 پارککردنی ئۆتۆمبێلەکان لەو شوێنانە قەدەغە دەکرێت، تەنیا رێگە بە وەستانی کاتی دەدرێت، بۆیە دەبێت هەمووان ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەراجەکان رابگرن کە ئەم هەنگاوەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەبالغی و نەهێشتنی خنکانە لە سەنتەری شار”.
وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت بە بڕی 30 هەزار دینار کە سزای وەستانە لە شوێنی قەدەخە، لە حاڵەتی بەردەوامی یان دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکەش، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت”.