كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان گرژی تێكه‌وت

لە كۆبوونەوەكه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕاندا،، بەهۆی چەند پرسێكەوە مشتومڕ و گرژی لەنێوان چەند ئەندامێكی جڤاته‌كه‌دا دروست بووە.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەرێوەچوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا غالب محەمەد، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لەجیاتی یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنەكە، بەشداربووە.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی باڵكێش، ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی كۆبوونەوەكە قسەكردن بووه‌ لەسەر پرسی مانەوە، یان كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم و چەند بەرپرسێكی باڵای گۆڕان پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كە لە حكومەتی هەرێم دەمێننەوە و لەبەرانبەریشدا غالب محەمەد، جەختی كردووەتەوە، كە نابێت گۆڕان لەحكومەتی هەرێم بمێنێتەوەو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەی توندی لەو بەرپرسانەی گۆڕان گرتووە، كە باسیان لە مانەوەی گۆڕان لە حكومەت كردووە.

تۆڕی میدیایی باڵكێش، بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ غالب محمد، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ناوبراو وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نه‌دایه‌وه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ پرسی مانه‌وه‌، یان كشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م، بووه‌ته‌ بابه‌تێكی گه‌رمی ناو بزووتنه‌وه‌كه‌و زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ش پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه ‌ده‌كه‌ن‌ له‌ حكومه‌ت دا.

ھەواڵی زیاتر