شەوی رابردوو، ئاگر لە شاخی گۆیژهی شاری سلێمانی کەوتەوە و بەشێکی زۆری شاخهكه و دارهكانی سوتان، بهشێكی زۆری دانیشتووانی شووقهكانی شاری گۆیژەش له ترسی ئاگرهكه باڵەخانەکانیان چۆڵ كرد.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووهتهوه، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگرێک لە شاخی گۆیژە کەوتووهتهوهو دوای ئاگادارکردنەوەمان، دهستبهجێ و بەسەرپەرشتی ( عەمید دیار) سەرجەم تیمەکانی ناوشار گەیشتوونهتە شوێنی ڕووداوەکه و بههۆی بوونی ڕەشەبایهكی بەهێزهوه ئاگرەکە زوو تەشەنەی کردووه و سنورێکی فراوانی گرتووهتهوه، بەڵام بە هەوڵی کارمەندانی بەرگری شارستانی و هاوکاری تیمەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و پۆلیسی دارستان، توانراوه دوای چهند كاتژمێرێك ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت”.
پارێزگاری سلێمانیش به میدیاكارانی وت: “تیمەکانی بەرگری شارستانی هەوڵێکی باشیان داوە بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە و پێویستە حکومەت جلوبەرگ و پێداویستی ئاگرکوژاندنەوەیان بۆ دابین بکات”.
بەڕێوهبەری بەرگری شارستانی سلێمانیش ڕایگهیاند: “کەسانێک زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن و گەشتیارێکی زۆریش شەو تا بەیانی لەو شاخه دەمێنێتەوە و لەوێ دەخەون و پاشماوەی ئاگر و خەڵوزی نێرگەلەکانیان دەبێتە هۆکاری کەوتنەوەی ڕووداوی لەم جۆرە و سەرئەنجام دەبێتە هۆی ناشرین بوونی سروشتی جوانی ئەم شارە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەوڵ بدات کۆنتڕۆڵی ئەم دیاردەیە بکات”.
شهوی ڕابردوو، ڕووداوێكی ئاگر كهوتنهوه له شاخی گۆیژهی شاری سلێمانی ڕوویدا و بهو هۆیهوه زیاتر لە 200 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتان و دوای چهند كاتژمێرێك ئاگرهكه كۆنترۆڵ كرا