سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆبووەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە -7-03-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە باڵاخانەی پارێزگەی هەولێر، لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانی ژوورەکە خستەڕوو کە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە ئەمنییەکان پێکهاتووە.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت، بەرپرسانیشی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت. دڵنییاییشی بە خەڵکی کوردستان دا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە.

دووپاتیشی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسادەرچووەکان بوونەتەوە، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە.

سەرۆکوەزیرانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ و هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین. 

گوتیشی، بەغدا خۆی چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت بۆیە گوناهی هەرێم نییە کە نەوت وەستاوە. هەرچەندە ئەو بڕە نەوتەی کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، سنووردارە و قەرەبووی هەموو نەوتی عێراق ناکاتەوە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

ئاماژەی بەەەشکرد، هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووری و مووچە و بژێویی خەڵکە و لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێ و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

لەبارەی بابەتی سیستەمی ئەسیکۆداش، هەرێمی کوردستان نەیگوتووە ئەسیکۆدا جێبەجێ ناکەین، بەڵکوو تەنیا داوای کاتمان کردووە، بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. بە تایبەتی کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری و بازرگانیی زۆر خراپداین و چالاکیی بازرگانی زۆر کەم بووە.

ھەواڵی زیاتر