سەرەڕای نەبوونی هیچ ئاماژەیەک لە بەغداوە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تایبەت بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ.
بەهۆی دەرهاوێشتەکانی جەنگی ئێران، هەناردەی نەوتی عێراق کە تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکەیە، پەکیکەوتووە. هاوکات پارەی نەوتی عێراق لە ئەمریکا گیریخواردووە؛ ئەم دوو هۆکارە مەترسییەکی جددییان لەسەر مووچەی مانگی سێی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دروست کردووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لیستی مووچەی مانگی سێ لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا ئامادە دەبێت؛ دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار، ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.”
لەلایەکی دیکەوە، یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی، دووپاتی کردەوە کە کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی سێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەتەواوی کۆتایی هاتووە و وردبینیشی بۆ کراوە.
بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینیی داهاتوو جەژنی ڕەمەزانە. بەو پێیەی پرۆسەی ناردنی لیستەکان و وردبینیکردنیان لە بەغدا پێویستی بە چەند ڕۆژێکە، ئەگەری زۆرە خەرجکردنی مووچەی مانگی سێ بکەوێتە دوای پشووەکانی جەژن.