چەند پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو کرد و کۆبوونەوە. سەرۆک بارزانی جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی “حکومەتێکی بنکەفراوان” کردەوە و لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش گوتی، داوایان لە بەغدا کردووە سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێت.

رۆژی سێشەممە (10-3-2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی و سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبوونەوە. 

بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەلاحەدین بەهائەدین جەختی لەوە کردەوە سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونی سیاسی، دۆخەکە وا دەخوازێت هەماهەنگیی بەردەوام لەنێوان هێزە سیاسییەکان لەسەر بابەتە هەستیارەکان هەبێت.

هەروەها سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ “ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامانەی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاوا و، ئەو رۆڵە کاریگەرەی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بینیویەتی.”

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە “هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕە و هەمیشە خوازیاری گفتوگۆیە.” جەختیشی لەوە کردەوە ئەولەوییەت پاراستنی ئاسایشی کوردستانە و ئامادەن بەشداری لە هەر رۆڵێکی ئاشتیخوازانەدا بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی “هەندێک گرووپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن،” و رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دابنێن.

لەبارەی دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی و گفتوگۆی لایەنەکان کردەوە و گوتی: “گرنگە هەموو لایەک دەستوبرد بکەن بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانی نیشتمانی کە تێیدا هەموو لایەک شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی.”

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی “ئەنجوومەنی سیاسی”یش، سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانی هەموو پارتەکان تێیدا بەشدار بن، “بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە جێگرەوەی (ئەلتەرناتیڤی) دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.”

ھەواڵی زیاتر