بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی سەبارەت بە بڵاوکراوەیەکی نوێی دەستەی گومرگەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم جێبەجێ ناکرێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە دەستەی گومرگەکانی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە، کە بابەتەکانی (خۆراک و دەرمان) دەخرێنە ناو سیستەمی “ئەسیکۆدا” و پێویستە باج و ڕەسمی گومرگییان لە ڕێگەی (البیان المسبق)ـەوە بۆ حسابی حکومەتی فیدراڵ بگەڕێتەوە، ئەمەش بۆ ماوەی 3 مانگ کە لە 2026/05/31 کۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە نایاساییە، چونکە:
پێچەوانەی یاسایە: بڕیارەکە دژبەکەکە لەگەڵ خاڵی 8ـی بڕیاری ژمارە 569ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، کە دەڵێت وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی دەبێت لەو نووسینگە گومرگیانە بێت کە کاڵاکەی لێوە هاوردە دەکرێت.
نەبوونی هەماهەنگی: ئەم بڕیارە بەبێ هیچ جۆرە هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە.
پەیامێک بۆ بازرگانانی دەرمان و خۆراک:
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیا و بازرگانانی بواری دەرمان و خۆراک دڵنیا دەکاتەوە، کە ڕێکارەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە هەمان میکانیزمی پێشوو و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکرێن.