نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ناوچەکە قسەیان کرد

ئەمڕۆ شەممە 2026/3/7، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە وردی تیشکيان خسته‌ سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.

له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ “ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا.”

هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.

ھەواڵی زیاتر