RTB بانک دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر هاووڵاتییان ڕاگەیاند و تێیدا چەند ئاسانکارییەک بۆ بەکارهێنەرانی کارتە بانکییەکان و کڕیارە نوێیەکان دەخرێتە ڕوو.
لادانی باجی ڕاکێشانی پارە:
بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکەکە کە ئەمرۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، سەرجەم ئەو عمولانە لادران کە پێشتر لە کاتی بەکارهێنانی کارتەکانی بانکەکانی دیکە لە ئامێرەکانی ATMی بانکی RTB وەردەگیران.
ئەم هەنگاوە بە تایبەتی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوبەشانی پڕۆژەی “هەژماری من” نراوە، تاوەکو لەم بارودۆخە سەختەدا بتوانن بە ئاسانترین شێوە و بەبێ بڕینی هیچ بڕە پارەیەک، دەستیان بە مووچە و داراییەکانیان بگات.
هەژماری نوێ و کارتی بێبەرامبەر
جگە لە ئاسانکارییەکانی ڕاکێشانی پارە، بانکەکە بڕیارێکی دیکەی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە کە دەیانەوێت ببنە کڕیاری نوێ:
هەر کەسێک لەم مانگەدا سەردانی لقەکانی RTB بکات بە مەبەستی کردنەوەی هەژماری کەسی، کارتەکەی بە شێوەی بێبەرامبەر پێ دەبەخشرێت.
ئەم دەستپێشخەرییەی بانکی RTB وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ هاندانی سیستەمی بانکی و هاوکاریکردنی هاووڵاتییان لە ڕووی داراییەوە.