ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا دوایین هەڵوێستی بارودۆخی دارایی و پرسی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران لەلایەن وەزیری دارایی و شاندی دانوستانکارەوە خرایە ڕوو، تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم کرایەوە.
پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە، بەڵکوو تەواوی بەشە بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی گشتی بەپێی ڕێژەی 14.1 سەرژمێری نوێ بنێرێت، چونکە هەرێم هەموو پابەندییە نەوتی و داراییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. حکومەت جەختی لە ئەولەویەتدان بە ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوبات کردەوە پێش هەر خەرجییەکی دیکە، تاوەکو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی داهاتوو، هاوکات هەموو ئەو بەڵگە دەستووری و یاساییانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتی لە شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.
هەنگاوی مێژوویی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە
لوەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێکی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەش کرد. ئەنجوومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، بەتایبەت لە ڕووی دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندی نوێی هێزەکان. هەروەها حکومەت دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەکانیشی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکە بوون، وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاسپێردرا بەپێی کۆنووسە پەسەندکراوەکە دەست بە جێبەجێکردنی کارەکان بکات.
درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی سزاکانی هاتووچۆ
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی پێشنیارێکی وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە. بەمەش هاوڵاتییان دەتوانن تاوەکو ڕێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026 لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.