ئێران بەبێدەنگی خاكی هەرێم داگیر دەكات و لە هەندێ ناوچەی سنووری هێزەكانی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم و سەربازگەی لێداوەو جێگیر بووە
لە هەندێك لە گوندەكانی بناری بەمۆ وەكو بێلولەو باخ هەنارە و چیاڕەزا و حاجی لەر و مجید سالار و محمود قەجەر و چوار كڵاو و هەندێك گوندی تری سنووریی، نزیكەی پێنج كیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوەو سەربازگەی لێ جێگیر كردووەو پێش ماوەیەك جووتیارێكی گوندی چیاڕەزای بناری بەمۆ سەردانی زەوییەكەی كردووە، تەقەیان لێ كردووەو پێیانوتووە: ”نزیك نەبیتەوەو ئێرە سەربازگەی ئێمەیە”، لە هەندێك شوێنی تری وەكو گوندی مجید سالار تەنها چەند سەد مەترێك لە جادە گشتییەكەوە دوورە، (ئەو جادەیەی كە بەرەو مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەچێت).
گوندنشینێك لە یەكێك لە گوندەكانی بناری بەمۆ، كە لە بەر پاراستنی ژیانی داوای كرد ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت، بە باڵكێشی وت: ”زۆرجار ئەو هێزانە زیاتر دێنە پێشەوەو ئاژەڵەكانمان دەبەن و دواتر بە تكاو پاڕانەوە دەیدەنەوەو هەندێكیشی دەبەن و بەڵێننامەشمان پێ پڕ دەكەنەوە كە چیتر ئاژەڵەكانمان نزیك سەربازگەكانیان نەلەوەڕێنین و ئیدارەی سنوورەكەش لە ئاست ئەو پێشێلكارییانە كە لە حاڵەت دەرچوون و بوون بە دیاردە تاوەكو ئێستا بێ هەڵوێستە”
تۆڕی میدیایی باڵكێش بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی بە سەروەت محمد، بەڕێوەبەری شارەدێی قۆرەتووی سەر بە شارۆچكەی خانەقینەوە كرد، وتی: ”ئێران لەم سنوورە نەهاتووەتە پێشەوەو ئەوەی هەیە تازە نییە”
سەبارەت بە بردنی ئاژەڵی گوندنشینانی ئەو سنورەش وتی: ”تائێستا هیچ هاوڵاتییەك نەهاتووە سكاڵا تۆمار بكات و من دوو ساڵە لێرەم و ئگام لە شتی وانییە”
هەر لەسەر ئەم پرسە، تۆڕی میدیایی باڵكێش قسەی كەسایەتییەكی لە دەڤەری باڵەكایەتی گوندی وێزەی بناری چیای كۆدۆ و ئاڵانەو بەردە سوران و بەردە سپیان وەرگرت و داوای كرد لەبەر سەلامەتی ژیانی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: ”ئێران لەم دەڤەرەش هاتووەتە پێشەوەو سەربازگەی لێداوەو جادەیەكیشی دروست كردووە لە دووری كیلۆمەترێك لە سەربازگەكانی بۆ بەری چیای سەكران كە بۆ چیای قەندیل تا سنوری قەڵادزێ كە هەمووی زنجیرە چیایەو هەمووشی سەربازگەیەو ژمارەی سەربازگەكانیشیان نزیكەی ١٥ بۆ ٢٠ سەربازگە دەبێت و دووری نێوان هەر سەربازگەیەكیشیان ٥٠٠ مەتر بۆ كیلۆمەترێك دەبێت”
تۆڕی میدیایی باڵكێش، بەدواداچوونی زیاتری بۆ ئەم پرسەكردو لە دەڤەری ڕاپەڕین، (قەڵادزێ و پشدەر)یش چەند كەسایەتییەك بە باڵكێشیان وت: ”ئێران لەم دەڤەرەش هاتووەتە پێشەوەو سەربازگەی داناوەو لە كوێستانەكانی ڕەزگەش لە ناوچەی گۆڕی خواروو و كۆتلەر، پێنج بۆ شەش كیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوەو لە جاسوسان و بۆتاوێی پشتی گوێزێ و زنجیرە چیای پانەسەریش نزیكەی شەش كیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوەو لە قەندیلی گەورەش زیاتر لە هەشت كیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوەو ٢٨ سەربازگەی داناوەو هەموو سەربازگەكانیش دەڕوانن بەسەر پشدەردا”
ئێران لە هەندێ ناوچەی سنووریی هێزەكانی دەهێنێتە ناو خاكی هەرێم و سەربازگە دادەنێت و هێزەكانی گێچەڵ بە گوندنشینان دەگرن و ئاژەڵەكانیان دەبەن و ڕێگەیان لێ دەگرن ئاژەڵەكانیان بلەوەڕێنن، ئەمەش نیگەرانی گوندنشینانی سەر سنوری لێكەوتووەتەوەو داوا دەكەن سنورێك بۆ ئەم داگیركارییەی ئێران دابنرێت.