مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی PBSی ئەمریکی ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی واشنتن گرت و ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ئەمریکا، هەڵوێستێکی بەهێزی نەبووە و هەوڵی پاراستنی کوردی نەداوە.
هەرچەندە لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر قوربانییان داوە سەبارەت بە ئایندەی سیاسیی ناوچەکە، مەزڵووم عەبدی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە حکومەتی دیمەشق تەنیا بە ئیدارەی خۆجێی ڕازییە، لەم قۆناغەدا ئامانجی ئەوان بوونی ئیدارەیەکی خۆجێییە کە بتوانێت ناوچەکانی کورد بەڕێوە ببات و ناسنامەی کوردی بپارێزێت.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداریدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش، جەختی کردەوە ئەو ڕێکخراوە هێشتا زۆر بەهێزە و دەستی گەیشتووەتە شارە گەورەکانی سووریا، دەتوانێت لە هەر کاتێکدا هێرش ئەنجام بدات؛ هۆشداریشی دا ئەگەر شەڕی دژی داعش بەردەوام نەبێت، ئەو ڕێکخراوە جارێکی دیکە دەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جیهان