بۆ یەکەمجار ئافرەتێک دەبێتە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ
لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە ڕۆڵی ئافرەتان لە ناوەندەکانی سەرکردایەتیکردندا، عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد لەتیف، وەک یەکەم ئافرەت لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا بۆ پۆستی سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو بە وەکالەت دەستبەکار بوو.
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشوازی لە عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد کرد و وێڕای پیرۆزبایی گەرم هیوای سەرکەوتنی لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ خواست، جەختی لەسەر بەردەوامی پشتگیریکردنی تواناکانی ئافرەتان کردەوە لە پۆستە باڵاکانی ناو وەزارەتی ناوخۆدا.
ئەم هەنگاوە وەک دەستکەوتێکی نوێ بۆ ئافرەتانی کورد لە بواری یاسایی و سەربازیدا هەژمار دەکرێت و نیشاندەری هەوڵەکانی حکومەتە بۆ چەسپاندنی هاوسەنگی لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا