بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی چوار “تیرۆریستی داعش”یان لە سلێمانی، گەرمیان و رانیە راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە 30-08-2020، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، لەمیانی بەردەوامی بەدواداچوون و چاودێریکردنی جموجۆڵی “تیرۆریستان” و شەونخونی ھێزەکانی دەزگای ئاسایش. ئاسایشی گەرمیان، زانیاری دەستکەوت لەسەر تاقمێکی “تیرۆریستانی چەکداری داعش”، کە ھاتوونەتە چەند ناوچەیەکی گەرمیان و ھەرێمی کوردستان و خۆیان حەشارداوە .
ئاسایشی گەرمیان ئاماژە بەوە دەدات، پاش لێکۆڵینەوە و بەدەستھێنانی زانیاری جموجۆڵی “تیرۆریستان” خرایە ژێرچاودێری و بەڵگەی تەواو کۆکرانەوەو دوای رەزامەندی دادوەر بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھەڵمەتی دەستگیرکردنیان دەستیپێکرد.
– رۆژی 13-07-2020 لە ناحیەی سەرقەڵا تیرۆریست (ع.و) دەستگیرکرا کە تەمەنی ٢٧ ساڵە و بەپێی دانپێدانانیدا لە ساڵی 2014ـەوە بەیعەتی بە داعش داوە لە ناوچەکانی عوزێم، سەڵاحەدین، حەویجە چەکداری داعش بووە بەشداربووە لە ئەنجامدانی چەندین تاوان دژ بە مرۆڤایەتی .
– رۆژی 17-07-2020 تیرۆریست (س.س) دەستگیرکرا کە تەمەنی 34 ساڵە و بەپێی دانپێدانانەکەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش بەیعەتی پێداون و چەکداربووە لە کەتیبەی عەبدولڕەحمان بن رەبیعە و لە سنووری عوزێم ماوەتەوە.
– هەر لە رۆژی 17-07-2020، بەھاوکاری ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و راپەڕین لەسەر هەمان بەڵگە و زانیاری لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری رانیە تیرۆریست (غ.س)ی تەمەن 47 ساڵ دەستگیرکرا، کە پەیوەندی بە هەمان گرووپی تیرۆریستییەوە هەبووە و وەک چەکداری داعش بەشداربووە لە چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەی عوزێم.
– هەر لە ناحیەی سەرقەڵا ئاسایشی گەرمیان لە رۆژی 20-07-2020، تیرۆریست (م.و)یان دەستگیرکرد کە بەهەمان شێوە بەیعەتی بە داعش داوە و پێداویستی لۆجستی بۆ چەکدارانی داعش دابینکردووە و هاوکارییان بووە لە جموجۆڵ و جێبەجێکردنی کارەکانیان.