بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22/02/2026، سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، هەڵیکوتایە سەر ماڵباتێکی کورد و بە زەبری هێز لە ناو خانووەکەیان دەریکردن، لە ئێستاشدا ڕێگرییان لێ دەکات بگەڕێنەوە ناو ماڵەکەیان.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە سوپای عێراق بە بیانووی زێدەڕۆیی و موڵکایەتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق، فشار دەخاتە سەر دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆش هەلێکی قۆستووەتەوە کاتێک خاوەن ماڵێک بۆ ژەمی پارشێو چوونەتە میوانداری، لەو کاتەدا سوپا دەستی بەسەر خانووەکەدا گرتووەتەوە و سوکایەتیشی بە ئەندامانی خێزانەکە کردووە.
پێش دوو ساڵ پێنج خێزانی دیکە لە هەمان گەڕەک بە زۆرەملێ لەلایەن سوپای عێراقەوە دەرکرابوون، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕابوونەوە ناو ماڵەکانیان. ئەم ڕەفتارەی ئەمڕۆی سوپای عێراق وەک درێژەی ئەو گوشارانە دەبینرێت کە دەخرێتە سەر ماڵە کوردەکانی ئەو ناوچەیە.
گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک زیاتر لە 200 ماڵی کوردی تێدایە کە زۆربەیان ئەو خێزانانەن دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003 لە ئاوارەیی گەڕانەوە و لەو خانووانەدا نیشتەجێ بوون کە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەفسەرانی ڕژێمی بەعس بوون. تا ئێستاش کێشەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە وەک گرفتێکی گەورە لە نێوان هاووڵاتییان و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ماوەتەوە.