پێش نەورۆز کارەبای زۆربەی دەڤەری ڕاپەڕین دەبێتە 24 کاتژمێری

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە قۆناخی فراوانبووندایە و تاوەکو پێش نەورۆزی ئەمساڵ، زۆربەی ناوچەکانی سنوورەکە دەبنە خاوەنی پڕۆژەی ڕووناکی.

ئەندازیار عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین ڕایگەیاند، ئێستا پڕۆژەی رووناکی لە سەنتەری ڕانیە جێبەجێ کراوە و 34 هەزار هاوبەش سوودمەندن، کارە لۆجستییەکانیش بۆ ناوچەکانی پشدەر، حاجیاوا، چوارقورنە،  ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە و سەروچاوە تەواو بوون، تاوەکو پێش نەورۆز بە تەواوی دەچنە نێو پڕۆژەی ڕووناکییەوە.

بەڕێوەبەری کارەبای ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی رووناکی بارگرانی سەر فیدەرەکانی بە رێژەی 60٪ بۆ 70٪ دابەزاندووە، ئەمەش سووتانی محاویلەکانی گەیاندووەتە کەمترین ئاست. سەبارەت بە نرخی کارەبا داتاکانی خستەڕوو کە 91٪ی هاوبەشان پسوولەی مانگانەیان لە 100 هەزار دینار کەمتر بووە، تەنیا 9٪یان پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی گەرمکەرەوە یان گرفتی ناوماڵ بووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی محەممەد وتی: قەرزی کارەبا لای هاوبەشان تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026 گەیشتووەتە 37 ملیار دینار، بڕیاری داشکاندنی 20٪ی قەرزەکان تاوەکو 12ی ئاداری 2026 بەردەوام دەبێت، هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی ئی پسوولە پاکتاوی بکەن. هاوکات ئاماژەی بە گەشەکردنی وزەی سۆلار کرد کە تا ئێستا 580 شوێن سیستمی سۆلاریان بەستووە و نزیکەی سێ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.

ھەواڵی زیاتر