بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەوە، هەردوو دەروازەی سنووریی “سەرێ کانی” و “ئەلحەمام” لە عەفرین دابخات.
هۆکارەکان چین؟
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە، هۆکاری داخستنەکە زۆری تێچووی داراییە، کە شوێنی ئەو دەروازانە موڵکی دەوڵەت نین و حکومەت بڕە پارەیەکی زۆر وەک کرێی بەکارهێنان بە خاوەن موڵکەکان دەدات، ئەمەش بارگرانی دارایی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە نزیک ئەو دوو دەروازەیە، دەروازەی سنووری دیکە هەن کە دەتوانرێت وەک جێگرەوە بەکاربهێنرێن.
دەروازە جێگرەوەکان کامانەن؟
لە بەرامبەر دەروازەی سەرێ کانی، دەروازەی جەیلانپنار لە پارێزگای ئورفە هەیە و دەتوانرێت ئەو بەکاربهێنرێت.
لە بەرامبەر دەروازەی حەمام لە عەفرین، دەروازەی زەیتینداڵی چیلکە زەیتوون لە پارێزگای هەتای باکووری کوردستان هەیە.