چەند کەسایەتییەک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەن لە هەولێر، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت: رێگە بە هیچ خۆپێشاندانێکی بێ مۆڵەت نادرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکە، هۆشداریی توند دەداتە ئەو لایەن و کەسانەی بانگەواز بۆ خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون ڕێگری لە هەر گردبوونەوەیەکی نایاسایی بکەن.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک داوای فەرمیی بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان پێشکەش نەکردووە، بۆیە هەر جووڵەیەک لەو چوارچێوەیەدا بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.
دەشڵێت: ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو (خوێندنەوەی هۆنراوەیەک لەلایەن مێرمنداڵێکەوە) کۆتایی هاتووە، دوای ئەوەی مێرمنداڵەکە و خێزانەکەشی داوای لێبوردنیان کردووە، بەڵام هەندێک کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت لەنێو سەنتەری شاری هەولێر خۆپێشاندانیان کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو کەسایەتییە ئیسلامیانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بانگەواز بۆ خۆپیشاندان دەکەن. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە ئامادەباشیدان و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە بیەوێت ئارامیی شار تێکبدات.