ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.12، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەک لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ، نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
یەكەم: لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و لەكاتژمێر 9ی بەیانی دەستپێدەكات.
دووەم: لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر.
سێیەم: نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لە سەر هاووڵاتیان گران بکات.
چوارەم: ڕێکارى یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن، نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن.
پێنجەم: لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى (خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.
شەشەم: لە بازگەکان چاودێرى تووند بکرێت، ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوەبەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.
حەوتەم: تیمەکانى شارەوانى زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتیەکان و پاککردنەوەى نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن.
هەشتەم: کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.
نۆیەم: هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ) لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار، سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتیان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان.
دەیەم: کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى، ئەوساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشى و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەدەبرێت.
یازدەیەم: مزگەوتەكان تەنها لە 10 شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی، جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.