سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند؛ پڕۆژەکانی حکومەت بێ جیاوازی بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییانە و هەنگاوی داهاتووش بۆ ئەوەیە ئاسانکاریی زیاتر بۆ هەمووان بهێنینە ئاراوە بە بازرگانانیشەوە.
ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بە سەردەمی پارەدانی کلاسیکی دەهێنێت و هەموو خزمەتگوزارییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئامانجی سەرەکی، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ تەواوی ناوچەکان بە دوورەدەستەکانیشەوە، هاوکات زامنکردنی شەفافیەتە لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ئیدارە سەربەخۆکان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: “ئی-پسوولە بەبێ هەنگاوەکانی ‘هەژماری من’ جێبەجێ نەدەکرا. ئەم سیستمە شەفافیەت لە داهات و خەرجی دروست دەکات و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، هەوڵمان ئەوەیە مامەڵەکان بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان تەواو ئاسان بکەین.
٠ خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاووڵاتییانە و دەتوانین لە ڕێگەیەوە ببینین داهاتەکان چۆن دێن و خەرجییەکانمان چۆنن، کۆکردنەوەی داهاتەکانیش بەشێوەیەکی شەفاف و بۆ خزمەتگوزاریی هەموو ناوچەکان خەرج دەکرێتەوە بە ئیدارە سەربەخۆیەکانیشەوە.
٠ ڕاستە تەکنەلۆژیاکان بێ هەڵە نین بەڵام هەموو ئەو سەکۆیانەی دروستکراون هەنگاوی باشیان بۆ نراوە تاوەکو هاووڵاتییان تووشی گرفتی فێڵکردن نەبن، جیلی نوێ کەمتر گرفتی هەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کەمتر تووشی هەڵە دەبن چونکە تێکەڵن لەگەڵ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمە جیاوازەکان.
سەرۆکوەزیران مژدەی پێشخستنی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەی “ڕووناکی” ڕاگەیاند؛ بڕیاربوو کارەبای 24 کاتژمێری لە کۆتایی 2026 بگاتە هەموو کوردستان، بەڵام بەهۆی خێراکردنی کارەکان، هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـەوە پڕۆژەی “هەژماری من”ی بۆ بەبانکیکردنی مووچە و شۆڕشی دیجیتاڵی دەستپێکردووە. پڕۆژەی “ڕووناکی”ش کە لە ساڵی 2024ـەوە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا دەستیپێکرد، پشت بە سیستەمێکی زیرەک دەبەستێت کە کارەبای بەردەوام دابین دەکات و تێچووەکەی بەپێی بڕی بەکارهێنان دەبێت.