ئێران نیوە زیاتری ئاوی بەنداوی دەربەندیخانی گرتووەتەوەو بەڕێوەبەری بەنداوەكەش هۆشداریی دەدات و دەڵێت: ”لە وەرزە وشكەكاندا قەیرانی كەم ئاوی بۆ بەشێك لە شارەكانی هەرێم و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەبێت”
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی باڵكێشی وت: ”ئێران لەڕێگەی دروست كردنی تونێلی نەوسوودەوە ڕێڕەوی ئەو ئاوەی گۆڕیوە كە بەرەو هەرێمی كوردستان دێت و دەڕژێتە بەنداوی دەربەندیخان”.
وتیشی: ”لەئێستادا بە ڕێژەی نیوە زیاتری ئاوەكەی گرتووەتەوەو لەڕێگەی تونێلی نەوسوود كە دەكەوێتە خوارووی بەنداوی داریان، دەینێرێت بۆ بەنداوی هیروێ و بەمەش ئاوی بەنداوی دەربەندیخان كەمی كردووەو گەر بەردەوام بێت، ئەو شارانەی دەكەونە سەر ڕووباری سیروان، وەكو شارەكانی هەڵەبجەو سەیدسادق و سیروان و كەلار و تەواوی ئەو شارانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش كە دەكەونە هەردوو بەری ڕووباری سیروان، تووشی قەیرانی كەم ئاوی دەبنەوە”
ئاماژەی بەوەش كرد: ”وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق، دوو نوسراوی بۆ وەزارەتی دەرەوە كردووە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەو حكومەتی هەرێمیش لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە نیگەرانی لەسەر ئەم هەڵسوكەوتە دەربڕیوەو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمیش لەڕێگەی سەركۆنسوڵی ئێرانەوە لە هەولێر، داوای كردووە ئاوەكە نەگیرێتەوە”
ئێران لەڕێگەی دروستكردنی تونێل و بەنداوو و پرۆژەی گەورەی ئاوییەوە، ساڵانێكە ئەو ئاوە دەگرێتەوە كە لە خاكەكەیەوە دێتە ناو زێیە ئاوییەكان و بەنداوی دەربەندیخانەوە