وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر و بریارە سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، کۆببێتەوە و بارودۆخی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، باسمان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتوو کرد، هاوکات سەبارەت بە دۆخی سووریا تێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە و پاڵپشتی لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکەین.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنچشەممە 05-02-2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەرەو شاری هەولێر گەیشتە شاری هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییهاوبەشدا لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: خەڵکی کوردستان خەمخۆری سەرۆک ماکرۆن بۆ کورد لەبیر ناکات. سەبارەت بە دۆخی سووریا تێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا هەیە، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات.
لای خۆیەوە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەین مافی کورد لە سووریا بپارێزین و دەمانەوێت بەشدارییەکی کارایان لە حکومەتی ئەو وڵاتە هەبێت، هاوکات فەرەنسا پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. سوپاس بۆ دۆستە کوردەکانمان بەو متمانەیەی بە ئێمەیان هەیە.
گوتیشی: سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبمەوە و لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەین.