دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی گەیشتە هەولێر

مانگی رابردوو دادگەی سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ وردبینی ڕەوانەی هەولێر بکرێت، بەمەش دۆسیەی 12 کەسیان گەیشتووەتە هەولێر.

قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند: “پاش چەند جارێک دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتووەتە دادگەی تەمیز لە هەولێر”.

گوتیشی: ” تانەمان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی داوە، بۆیە دۆسیەکە هێندراوەتە دادگەی تەمیزی هەولێر، جگە لە شێخ لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، کەیسی 10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی تێدایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگاییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کامە پارێزگا دەبێت”.

ڕۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایش، هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ پاسەوانانی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.

ھەواڵی زیاتر